دەربارە
بسم ألله الرحمان و الرحیم
چۆن نەخۆشی شێرپەنجە ژیانمی گۆڕی و چۆن هاتمە ناو کاری ئۆنلاین.
لە ژیاندا هەندێک ڕووداو هەن کە دەتوانن بە تەواوی ئاراستەی داهاتووی مرۆڤ بگۆڕن. بۆ من، تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە یەکێک بوو لەو ڕووداوانە. لە تەمەنی گەنجیدا تووشی ئەم نەخۆشییە بووم، و بەهۆی چارەسەر و بارودۆخی تەندروستیم، توانای ئەنجامدانی زۆرێک لە کارە جەستەییەکانم کەم بووەوە. پزیشکەکانیش ڕاسپاردەیان پێکردم لە کارە قورسە جەستەییەکان دوور بم، بۆ ئەوەی زیاتر زیان بە تەندروستیم نەگات.
لە سەرەتاوە ئەم گۆڕانکارییە بۆ من زۆر سەخت بوو، چونکە هەموو گەنجێک خەون بە کارکردن و دروستکردنی داهات دەبینێت. بەڵام دوای ماوەیەک تێگەیشتم کە هەر کۆسپێک دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ لەگەڵ خۆی بهێنێت.
لەو کاتەدا بیرۆکەی کارکردنی ئۆنلاین هاتە مێشکم. باوەڕم وایە خودا ئەم بیرۆکەیەی خستە دڵ و مێشکم بۆ ئەوەی هیوام لەدەست نەدەم و ڕێگایەکی نوێ بۆ داهات و ژیان بدۆزمەوە. دەستم کرد بە فێربوونی فرۆشتنی ئۆنلاین، مارکێتینگ، ناساندنی بەرهەم، و پەیوەندی لەگەڵ کڕیاران لە ڕێگای ئینتەرنێت.
ئەم ڕێگایە هەرچەندە ئاسان نەبوو، بەڵام پشت بە خودا بەستین و بە ئارامی و هەوڵی بەردەوام توانیومە کاروبارێکی ئۆنلاین بنیات بنێم و بەرهەم لە دەرەوەی وڵات بهێنم و لە ناو عێراق و هەرێمی کوردستان بیانفرۆشم. ئەم کارە هەم داهاتێکی باشی بۆ من دروست کردووە و هەم هیوای ژیانمی گەڕاندووەتەوە.
ئەم ئەزموونە فێری کردم کە سەرکەوتن تەنها بە هێزی جەستە نییە، بەڵکو پشت بە خودا بەستین و پاشان بە ئیرادە، پشتڕاستی و نەبڕینی هیوایە. هەرچەندە نەخۆشی توانای جەستەییمی سنووردار کرد، بەڵام نەیتوانی خەون و ئامانجەکانم بوەستێنێت.
لە کۆتاییدا، پەیامم بۆ هەموو ئەوانەی کە بەهەر هۆکارێک تووشی کێشەی تەندروستی یان کۆسپ بوون ئەوەیە کە ژیان هەمیشە دەرفەتێکی نوێ لەخۆ دەگرێت. ئەگەر باوەڕت بە خودا پاشان، بە خۆت و بە هەوڵەکانت هەبێت، دەتوانیت لە دڵی هەر تەنگانەیەکدا ڕێگایەکی نوێ بۆ سەرکەوتن بدۆزیتەوە.